لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دوو كەس لە هیند بەهۆی "سووكایەتیكردن بە پێغەمبەر" كوژران

12/08/2020


 بەهۆی ئەوەی لە فەیسبووك سوكایەتییان بە پێغەمبەری ئیسلام كردووە، لە شاری بەنگلۆری هیند ئاڵۆزی دروست بوو، هەزاران خۆپیشاندەر رژانە سەر شەقامەكان و دوو كەسیش كوژران.

بەرپرسانی بەنگلۆر، كە گەورەترین شاری باشووری هیندە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-8-2020) رایانگەیاند "بەلایەنی كەمەوە 60 كەس برینداربوون، كاتێك ئێوارەی دوێنێ خۆپیشاندەرانی توڕە هێرشیان كردووەتە سەر بنكەیەكی پۆلیس و ماڵی پەرلەمانتارێكیان سووتاندووە، كە برازاكەی ئەو پۆستەی لە فەیسبووك كردبوو".

بەپێی هەواڵێكی فرانس پرێس، پۆلیسی ناوچەكە رایگەیاندووە "لە خۆپیشاندانی رۆژی سێشەممەشدا، ئەوان تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەران كردووە و گازی فرمێسكڕێژیان بەكارهێناوە، بۆ ئەوەی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن، لەئەنجامدا سێ كەس بە سەختی بریندار بوون، كە یەكێكیان رۆژنامەنووسە".

لای خۆشیانەوە میدیاكانی هیند بڵاویانكردەوە، ئەو دوو كەسەی لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون، هەردووكیان لەئەنجامی بەركەوتنی گوللـە كوژراون.

كەمال پانت، كۆمیسیاری پۆلیسی بانگلۆر لە توویتەر نووسویەتی "برازای پەرلەمانتارەكە بەهۆی ئەو پۆستەوە دەستگیركراوە، هەروەها 100 كەسی دیكەش لە خۆپیشاندەران بە تۆمەتی تێكدان و نانەوەی پشێوی دەستگیركراون، ئێستاش رەوشەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە".

دۆخی بانگلۆر بەجۆرێك ئاڵۆز بووە، نزیكەی 10 هەزار پۆلیس بڵاوەیان پێكراوە بۆ پاراستنی ئاسایش و لە هەندێك شوێنی شارەكەشدا قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە.
هەرچەندە هیندستان وڵاتێكی عەلمانییە، بەڵام مێژوویەكی دوورودرێژی لە تووندووتیژیی نێوان هیندۆسی زۆرینە و موسوڵمانی كەمینە هەیە، بەجۆرێك تەنیا لەماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 50 كەس لەسەر ئایین لە نیودەلهیی پایتەختی هیند ن كوژراون، كە زۆرینەیان موسڵمان بوون.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure