لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تەقینەوەکەی بەیرووت.. ئەوروپا زیاتر تەنگ بە حیزبوڵڵا هەڵدەچنێت

11/08/2020


بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و راگەیاندنی وەک ڤایرۆسێکی کوشندە، سەرقاڵکردنی زۆرینەی سیاسەتمەدار و سەرکردەکانی ئەوروپا بەڕێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، واینەکرد، سیاسیەکانی ئەوروپا، سەرنجی بەردەوامیان لەسەر حیزبوڵڵای لوبنانی لاببەن.

لەماوەی نێوان سەرەتاکانی ئازاری ئەمساڵ، تاوەکو کۆتاییەکانی تەممووز، تەنیا لە بەریتانیا، هەردوو ئەنجوومەنی گشتی و لۆردەکان، 12 لێپرسینەوەیان لە حکومەتی وڵاتەکەیان لەبارەی بوون و چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە وڵاتەکەیاندا ئەنجامداوە. رێژەکەش دەڵێت، هەر مانگێک لەو ماوەیەدا، سێجار بابەتی حیزبوڵڵا و چالاکییەکانی، بوونەتە باسی نوێنەرانی گەلی بەریتانیا.

تەقینەوەکانی ناوەڕاستی هەفتەی رابردووی بەیرووت، جارێکی دیکە فۆکەسی جیهانی گواستەوە سەر لوبنان و دەریخست کە تەنگەتاوکردنی زیاتری ئەو حیزبە و سنووردارکردنی چالاکییەکانی، ئێستا لە هەموو کات زیاترە.
 
حیزبوڵڵا لەنێوان پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیادا

تۆماری دانیشتنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، لە نیسانی 2019 تاوەکو ئەیلوولی هەمان ساڵ، 15 لێپێچینەوە لەسەر دۆسێی هەمان حیزب، لە پەرلەماندا بەڕێوەچووە.

بانگهێشت و لێپرسینەوەکانی پەرلەمان لە حکومەتی ئێستای وڵات، پەیوەندی بە هەموو چالاکییەکانی پارتەکەوە هەبووە، کە هەردوو لقی سەربازی و سیاسی لە بەریتانیا قەدەغەکراوە. لێپرسینەوەکان لە سیاسەتەکانی ئەو حیزبەوە لە لوبنان تاوەکو کردەوە سەربازییەکانی لەسەر سنووری نێوان لوبنان، ئیسرائیل و سووریا، تاوەکو چالاکییەکانی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا درێژبوونەتەوە و بە ئەگەری دەستێوەردانی ئەو حیزبە لە سیستەمی دەسەڵاتی ڤەنزوێلادا، کۆتاییانهاتووە.

بەریتانیا بەپێی یاسای قەڵاچۆکردنی تیرۆر، لە ساڵی 2000ـەوە، بوونی ئەو حیزبەی لەسەر خاکەکەی قەدەغەکردووە.

کەناڵی بی بی سی، پرسیاری لە چەندین پەرلەمانتاری بەریتانیا کردووە، لەبارەی فۆکەس خستنە سەر ئەو رێکخراوە لە ماوەی رابردوودا، بەڵام هیچ ئەندام پەرلەمانێک وەڵامی نەداوەتەوە.

ئەو بێدەنگییە، وەک بی بی سی روونیدەکاتەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێویستە، هەڵمەتی سیاسی دژ بەو حیزبە و چالاکییەکانی، لە پێشەوەی فۆکەسی حکومیدا بمێنێتەوە بۆ دژایەتیکردنی ئەو رێکخراوە قەدەغەکراوە.
 
بێدەنگییەکانی حکومەت

حکومەتی بەریتانیا، حیزبوڵڵا و هەموو دامەزراوەکانی ئەو حیزبەی لە لیستی تیرۆردا داناوە، کەچی زۆرینەی پرسیاری لێپێچینەوەکانی پەرلەمان، لەبارەی چالاکییەکانی ئەو حیزبەوەیە لە بەریتانیا، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی بەتۆمەتی ئەندامێتی رێکخراوەکانی دەستگیرکراون، یان لەژێر لێکۆڵینەوەدان، یاخود بە تۆمەتی "بەرزکردنەوەی ئاڵای حیزبەکە و پڕوپاگەندەکردن بۆ ئایدیۆلۆژیاکەی و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆی لەسەر خاکی بەریتانیا" دراونەتە دادگا.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، هیچ وەڵامێکی بە ئەندام پەرلەمانەکان نەداوە، ئەمەش لەبەرئەوەی وەک وەزارەتەکە دەڵێ، بەپێی یاساکانی قەڵاچۆکردنی تیرۆر، درکاندنی زانیارییەکانی ئەو دۆسێیانە قەدەغەیە.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێ "لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پەیوەست بە رێکخراوە قەدەغەکراوەکان. راوەدوونانیان لەلایەن دادگاوە، کارێکە پەیوەستە بە پۆلیس و داواکاریی گشتییەوە".

لە 20ـی حوزەیراندا، جەیمس برۆکینشیر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ناوخۆی بەریتانیا گوتی "وەزارەتەکەمان داتا و ژمارە لەبارەی ئەو کەسانەوە کۆناکاتەوە کە لە بەریتانیادا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە، یان تۆمەتبارکراون بە نمایشی ئاڵا یان سیمبولەکانی دیکەی حیزبوڵڵا، یان هەر رێکخراوێکی دیکەی قەدەغەکراو".

بەپێی یاسا، پۆلیس و داواکاری گشتی، هەر کاتێک بەڵگەی تەواوی لەسەر تۆمەتبارکردنی کەسێک هەبوو، لەکاتی رەوانەکردنیان بۆ دادگا، ناوەکانیان ئاشکرا دەکات. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە لە بەریتانیادا، تۆمەتی ئەندامێتی حیزبوڵڵا و پڕوپاگەندە بۆ ئایدیۆلۆژیاکەی و کۆکردنەوەی کۆمەک بۆی، نەدراوەتە پاڵ هیچ کەسێک.

گوتەبێژی پۆلیسی بەریتانیا بە بی بی سی راگەیاندووە، پۆلیس، داتای نیشتمانیی لەبارەی تیرۆرەوە لەبەردەستدا نییە، ئەو ژمارانە وەزارەتی ناوخۆ بڵاویان دەکاتەوە، نەک ئەوان. لە کاتێکدا گوتەبێژی داواکاری گشتی دووپاتیدەکاتەوە، هیچ تۆمارێک نییە بەناوی هیچ کەسێکەوە کە بەتۆمەتی ئەندامێتی حیزبوڵڵا درابێتە دادگا.
 
ئامانجی فشارەکان

ئەم زانیارییانەی سەرەوە، هەمووی گومان لەو فشارە زۆرانە دروستدەکەن کە ئەوروپا بە گشتی و بەریتانیا بەتایبەت دژی ئەو حیزبە پەیڕەوی دەکات.
کریس دویل، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکتێگەیشتنی بەریتانی - عەرەبی دەڵێ "ئامانجی سەرەکی ئەو فشارانە، بەردەوامبوونی فشارەکانی سەر ئێرانە، لەبەرئەوەی حیزبوڵڵا، باڵی ئێرانە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

لەوکاتەوەی پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاری قەدەغەکردنی حیزبوڵڵای دەرکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بەفەرمی لەو وڵاتەدا، بەتاوانی ئەندامبوونی ئەو حیزبە دەستگیرنەکراوە. 

حکومەتی بەریتانیا، حیزبوڵڵا و هەموو لقەکانی لە لیستی تیرۆردا داناوە، ئەمەش بڕیارێکی لەناکاو بوو بۆ سیاسەتی هەمیشەیی بەریتانیا کە لە هەموو دۆسێ و ناکۆکییەکاندا، کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دەهێڵێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، باڵی سەربازیی حیزبەکەی لە ساڵی 2001دا لە لیستی تیرۆردا دانا. دواتر ساڵی 2008 هەمان بڕیاری درێژکردەوە تاوەکو ئەنجوومەنی شورای حیزبەکە بگرێتەوە، کە باڵەکانی سەربازی و یەکە سەربازییەکان سەر بەو ئەنجوومەنەن، بەڵام سیاسەتی کەناڵە کراوەکانی لەگەڵ باڵی سیاسی حیزبەکەدا درێژەپێدا تاوەکو ئازاری 2019، کاتێک وەزارەتی ناوخۆ، 75 رێکخراوی نێودەوڵەتی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، کە حیزبوڵڵا یەکێکیان بوو.

یاساکەی بەریتانیا تەنیا بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە دەبێت، ئەمە مانای ئەوەیە هەر بەریتانییەک پەیوەندی بە نوێنەرانی ئەو حیزبە یان رێکخراوەکانییەوە بکات لە دەرەوەی وڵات، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی نابێتەوە.

دوای راگەیاندنی حکومەتی بەریتانیا بەدانانی حیزبەکە لە لیستی تیرۆردا، ئەوکات سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی لوبنان گوتی ئەو بڕیارە بەریتانیا دەگرێتەوە نەک لوبنان. جبران باسیل، وەزیری دەرەوەی لوبنانیش رەخنەی لە بەریتانیا گرت و گوتی "ئەگەر هەموو جیهان بێتە دەنگ و بڵێ، بەرهەڵستکاری تیرۆرە، ئەمە بۆ لوبنانییەکان نابێت و لای ئەوان بەرهەڵستکاری تیرۆر نییە".
 
فشاری زیاتر و تەنگپێهەڵچنینی زیاتر

دوای ساڵێک لەو لێدوانە فەرمییەی لوبنان، ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا، تەنگژەی دارایی قووڵی لوبنان دەقۆزنەوە، بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکەیان تاوەکو کاربکات لە بەستنەوەی پارەدانەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بە چەند مەرجێکەوە، لە نێویاندا "سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیکەربەندی سیاسی وڵات بۆ سنوودارکردنی تواناکانی حیزبوڵڵا لە بەکارهێنانی پارەی حکومەت و دەستگرتنی زیاتر بەسەریدا".

حکومەت لە وەڵامی ئەوەدا لە رێگەی وەزارەتی خەزنەوە دەڵێت، ئێمە لەم چوارچێوەیەدا کاردەکەین بۆ "پرۆسەی دانانی پرۆگرامی قەرزەکان و دیاریکردنی مەرجەکانی قەرزەکە".

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە کە "سوودوەردەگرێت لە ئەزموونی تۆڕی پەیوەندی باڵیۆزخانەکەی لە ئەمریکا، بۆ دەستەبەرکردنی ئەوەی، پرۆژەی پارەدارکردنەکەی لوبنان دۆخی سیاسی ناوخۆیی لوبنان لەبەرچاو بگرێت، هەروەها رەنگدانەوەی لەسەر ویستەکانی سندووقی دراو هەبێت".

کاتێک بەریتانیا حیزبوڵڵای بە هەموو دامەزراوەکانییەوە خستە لیستی تیرۆرەوە، ئەو هەنگاوەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە ئەو حیزبە "پابەندە بە بەرهەڵستکاریی چەکدارییانەی ئیسرائیل و هەوڵدەدات بۆ گرتنی هەموو خاکی فەلەستین و قودس و ئیسرائیلیش. هەروەها پشتگیری تیرۆر دەکات لە عێراق و فەلەستیندا".

ئەوکات وەزیری ناوخۆی بەریتانیا گوتی حیزبوڵڵا "بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیریی دۆخی شلۆقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێمە چیتر ناتوانین جیاکاری لەنێوان باڵی سەربازی و سیاسیی حیزبەکەدا بکەین، لەبەرئەوە بڕیارماندا هەموو دامەزراوەکانی قەدەغە بکەین".

وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش گوتی، لەرێگەی قەدەغەکردنی حیزبەکەوە، پەیام بۆ هەمووان دەنێرین کە چالاکییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا لای ئێمە قبوڵکراو نییە و زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا دەگەیێنێت.

ئەوکات جلعاد ئێردان، وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل داوایکرد هەموو ئەوروپا، هەمان هەنگاوی بەریتانیا بگرنە بەر. پاش مانگێک لە هەنگاوى بەریتانیا، ئەڵمانیاش هەمان هەنگاوی نا و ژمارەی ئەو دەوڵەتە ئەوروپییانەی بەفەرمی حیزبوڵڵایان بە تیرۆریست ناوبرد، بووە سێ دەوڵەت، پاش ئەوەی هۆڵەنداش هاتە ناو بڕیارەکەوە.

بەدەنگەوەنەهاتنی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بۆ هەنگاوە بەریتانییەکە وایکرد زیاد لە ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەریتانیا پرسیار لە وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەیان بکەن لەبارەی "هاوکاریی تووند" لەگەڵ ئەوروپا، لەپێناو رێگریکردنی زیاتر لە تیرۆر، بەڵام ئەو وەزیرە گوتی "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، بەشێکە لە دیمەنی گشتیی لە کاری هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر، لەناویاندا، هاوکاریی لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ ئینتەرپول، هەروەها هاوپەیمانیەتیی پێنج چاوەکە (هاوپەیمانییەکی هەواڵگرییە لەنێوان دەزگاکانی هەواڵگریی هەریەکە لە بەریتانیا، ئەمریکا، ئوسترالیا، کەنەدا و نیوزیلەندا)، هەروەها کاری هاوبەشی تاکانە لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا.
 
ئاستێکی نوێی فشار 

لە کۆتایی مانگی رابردوودا، فشارەکان گەیشتنە ئاستێکی نوێ. یانزە ئەندامی ئێستا و پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا، نووسراوێکیان بۆ بریتی باتل، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا نارد، تێیدا داوایانکرد بەریتانیا رۆڵێکی زیندوو لە رازیکردنی یەکێتیی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەندامی ببینێت، بە دانانی حیزبوڵڵا لەنێو لیستی تیرۆری یەکێتییەکەدا.

ئەو نامەیە کە بەشێک لە نووسەرەکانی، سێ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا بوون لە بەریتانیا، تێیدا هاتووە "لە ئەوروپا حیزبوڵڵا بەشداری چەندین چالاکی تاوانکارانە دەکات، وەک شووشتنەوەی پارە و بازرگانیی هۆشبەر و کۆکردنەوەی پیتاک و بەئەندامکردنی حیزبەکە لە رێگەی پرۆگرامی خێرخوازییەوە".

تۆمەتبارکردنی ئەندامەکان بۆ حیزبەکە، هەروەها کارەکانی وەک "چالاکی تیرۆریستی بۆ تێکدانی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پیلانگێڕی بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەوروپی و ئیسرائیلییەکان" دەگرێتەوە.

نامەی پەرلەمانتارەکان، بەپێویستی دەزانێت رووبەرەکانی بەردەم کارکردنی حیزبوڵڵا زیاتر تەنگ بکرێنەوە، ئەوان نووسیوویانە "هەرچەندە حیزبوڵڵا لە سووریا و ناوچەی دیکەشدا بوونی هەیە، بەڵام هێشتا بەهێزە و لە لوبناندا دەسەڵاتدارە". زیاتر دەڵێ "چەندین وڵات هەن لە رۆژهەڵاتی ناوڕاستدا دژ بە باڵادەستبوونی ئێرانن لە ناوچەکەدا و دژ بە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەن لە یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیاشدا دەوەستنەوە.. ئەو وڵاتانە هەروەها کۆمەڵەی فشاریان هەیە لەناو پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپادا و بەوەش هاوتای ئەوروپییەکانن".

ئەوەش زانراوە کە وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات و بەحرەین بەرژەوەندییەکانیان، لەگەڵ بەرژەوەندی ئیسرائیلدا یەکدەگرێتەوە لە دژایەتیکردنی حیزبوڵڵا و ئێران.
 
نەمسا وەک نوێترین دووژمنی حیزبوڵڵا

پەرلەمانی نەمسا، وایکرد ئەو وڵاتە ببێتە نوێترین وڵاتی ئەوروپی لە قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا، لە 30ی ئایاری ئەمساڵدا، داواکارییەکی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری ناو حکومەتی وڵات، بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لەسەر خاکی نەمسا، لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەندکرا و کرا بەیاسا.

هەردوو پارتی گەل و سەوزی نەمساوی، پرۆژە یاسایەکیان خستە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکە، بۆ بەتاوان ناساندنی هەر چالاکییەک لە بەرژەوەندی حیزبوڵڵای لوبنانی. بڕیارەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشوازی گەورەی لێکرا، کە تێیدا هاتووە "ناکرێ جیاوازی لەنێوان باڵی سیاسی و باڵی سەربازیی حیزبوڵڵادا بکرێت، ئەو رێکخراوە رێکخراوێکی تیرۆریستییە و هەموو چالاکییەکی لەسەر خاکی نەمسادا قەدەغەیە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارەکەی نەمسای بە بوێرانە و لەجێدا ناوبرد بۆ زیاتر پەلبەستکردنی ئەو حیزبە لەسەرانسەری ئەوروپادا.
 
ئەوروپا لەژێر فشاری ئەمریکادا

هەرچەندە نەمسا چوارەم وڵاتی ئەوروپییە پاش هەریەکە لە (بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا) بڕیاردەدات جیاوازی لەنێوان باڵی سەربازی و سیاسی ئەو حیزبەدا نەکات و کۆی رێکخراوەکە بەتیرۆریست ناوببات، بەڵام هێشتا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو بارەیەوە لە هاوتا ئەوروپییەکانی رازی نییە.

ناسان سییلز، رێکخەری قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ئایاری ئەمساڵدا، حیزبوڵڵای بە نوێنەری راستەقینەی تیرۆری جیهانی ناساند. بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاشکرایکرد، حیزبوڵڵا سیخوڕیی بەسەر زۆر دەوڵەتی جیاوازەوە دەکات لە بەرژەوەندیی ئێران.

ئەو ئاشکرایکرد، لەنێوان ساڵانی 2017 تا 2019، ئێف بی ئای، سێ ئەندامی ئەو حیزبەی لە شارەکانی نیویۆرک، بۆستن و واشنتۆنی پایتەخت دەستگیرکردووە، کە سەرقاڵی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری بوون، لەسەر دامەزراوەکانی سوپای ئەمریکا و ئاژانسەکانی هەواڵگریی ئەو وڵاتە.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گلەیی لە هاوتا ئەوروپییەکانی کرد، لەوەی هەنگاوی لێبڕاوانەی پێویست بۆ قەدەغەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا نانێن، ئەو گوتی ئێمە هانی هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا دەدەین، بۆ ئەوەی هاوشێوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، یاسای تایبەت بەقەدەغەکردنی ئەو حیزبە لەسەر خاکەکانیان دەربکەن، دووپاتیکردەوە کە پێویستە هەمووان ئابڵوقە بخەنە سەر چالاکییەکانی ئەو حیزبە و بێبەشکردنی لەسەرچاوە داراییەکانی.
 
تەقینەوەکەی بەیرووت و سیزنێکی دیکە فشارەکان

سێشەمەی پێشوو، دوو تەقینەوەی بەهێز بەندەری بەیرووتیان لە لوبناندا هەژاند و نزیکەی پێنج هەزار کەس بوونە قوربانیی تەقینەوەکان. هەرچەندە تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە بۆ گەیشتن بە راستیی هۆکاری تەقینەوەکان بەردەوامە، بەڵام ژمارەی قوربانییەکان و ئەو وێرانکارییەی لە دوای بەجێما، حیزبوڵڵای رووبەڕووی فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کردووەتەوە.

تاوەکو ئێستا یەکێک لەو لایەنانەی کە گومانی لێدەکرێت بەشێوەیەک لە شێوەکان لە تەقینەوەکانەوە تێوەگلابێت، حیزبوڵڵایە، ئەمەش بەوەی کە دەگوترێ ئەو نیتراتی ئەمۆنیۆمەی لە بەندەرەکەدا تەقییەوە و ئەو کارەساتە گەورەیەی لێکەوتەوە، هی ئەو حیزبە بووە و هەندێک پێیانوایە لەگەڵ ئەمۆنیۆمەکەدا، کۆگای مووشەکاکانی حیزبەکەش لەهەمان جێگەدا تەقیونەتەوە.

لە دوای تەقینەوەکانەوە، لوبنانییەکان فشاری زۆریان لەسەر چینی سیاسی دەسەڵاتداری وڵات دروستکردووە و داوای رۆیشتنی هەمووان دەکەن. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 6ـی ئەم مانگە سەردانی بەیرووتی کرد و لەسەر شەقامەکانی ئەو شارە بە هاونیشتمانیانی گوت، کە هاوکارییەکانی وڵاتەکەی ناگاتە دەستی گەندەڵەکانی لوبنان. 

هەرچەندە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکی تەلەفزیۆنیدا رەتیکردەوە، حیزبەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکانەوە هەبێت، بەڵام سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکان لەو وڵاتە لە دوای تەقینەوەکە و هێرشکردنە سەر دامودەزگا حکومییەکانی وڵات و قوڵتربوونەوەی تەنگژەی دارایی لە لوبناندا، حیزبوڵڵایشی وەک لایەنە سیاسییەکانی دیکەی وڵات خستووەتە ژێر فشاری زۆرەوە.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەدوای سەردانەکەی ماکرۆن، دووپاتیکردەوە کە هاوکاریی دارایی پێشکێشی لوبنان دەکات بۆ رزگاربوون لە مەینەتییەکانی، بەڵام ئەوەش بەسەر لایەنەکاندا پێویست دەکات کە چاکسازیی راستەقینە لە دامەزراوەکانیدا بکات و دەستی حیزبوڵڵا لە حکومەت دووربخاتەوە.

 

سەرچاوە: ڕووداو 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure