سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كارەكانی یەكەم رۆژی كۆنفراسی نێودەوڵەتی دابڕان

27/11/2021


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لەژێر دروشمەكانی "ئایین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هەموان" و "بەرەو هەڵوێستی فێمێنیستی و ڕۆشنگەریی كۆمەڵایەتی" شەشەمین كۆنفرانسی  دابڕان و چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی فێمینیزمی ڕۆشنگەری لە هۆڵی هۆتێل ڕامادا لە شاری سلێمانی دەستیان بە كارەكانیان كرد.

لە دەستپێكی كۆنفرانسەكاندا د.دڵشاد مستەفا وتاری پلاتفۆرمی دابڕانی خوێندەوە رایگەیاند، سەردەمی بیركردنەوە بە شێوازی سەدە تاریكەكان كۆتایی هاتوە و  دابڕان ئامانجی گۆڕانكارییە لە بیری تاك و كۆمەڵگەدا بە شێوەیەكی ڕۆشنگەرانە و لەسەرخۆ.

وتیشی كۆنفرانسەكانی دابڕان هەوڵی ئەوەی داوە بیری جیاواز بهێنێتەكایەوە، هەوڵی دەرچونی داوە لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ ژینگەیەكی تر كە یەكسانی و دادپەروەریی بوونی هەبێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، دابڕان دژی هیچ ئایین و ئایینزا و مەزهەب و تەریقەتێك نەبوە و ناشبێت و بە دروشمی دیموكراسی بۆ هەموان بەردەوام دەبێت.

دواتر حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری هەرێم لە وتەیەكیدا ئاماژەی بەوە كرد، وەزارەتەكەی بە گرنگییەوە لە هەموو هەوڵێك دەڕوانێت كە ئامانج لێی هۆشیاركردنەوەی مرۆڤ بێت و بە ئاراستەی ڕۆشنگەری ببرێت.

وەزیری رۆشنبیری پێشی وابوو دابڕان لە ماوەی ساڵانی رابردودا خۆی سەلماندوە و چەندان كاری گرنگی كردوە و ئامادەیی هاوكاریی وەزارەتەكەشی بۆ كۆنفڕانس دەربڕی.

هەر لە دەستپێكی كۆنفڕانسەكەدا، مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتی تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا بە شێوەیەكی ئاسۆیی دەكرێت، بەشێوەك هزر و دیموكراسی لە خوارەوەی كۆمەڵگە گەشە بكەن نەك لەسەرەوە بسەپێندرێن.

وتیشی"هیچ سیستمێك نییە دیموكراسی بێت ئەگەر لەناو گەل و تاكەكانیدا رۆشنگەری نەچەسپێندرێت".

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشكرد"خوا و قورئان و پێغەمبەر هێڵی سورن و موقەدەسات و ئازادیی خەڵك لای ئێمە هێڵی سورن و هیچ كەس ناتوانێت دەستیان بۆ بەرێت، پێشی وابوو ئەو سیستمانەی دین و مەزهەبیان پێچایەوە شكستیان خوارد، بەڵام ئەزمونی دیموكراسی و قبوڵكردنی ئایین و بیروباوەڕەكان سەركەوتوو بون.

راشیگەیاند"لە ڕۆژهەڵات شتێك نەبووە بەناوی ڕۆشنگەری و ئاشتەوایی ڕاستەقینە، هەتا دین و مەزهەبیش باڵادەست بن بەسەر دەسەڵات و سەرچاوەكانی یاسادانانی ئەم وڵاتانە و بەزۆر خۆی بسەپێنێت، ئاشتەوایی نایەتەدی، ئێمە لەم كۆنفڕانسەدا بانگەوازی ئاشتەوایی دەكەین و دەڵێین با گفتوگۆ بكەین و تابۆكان وەلا بنێین".

دواتر مەلا بەختیار ئاماژەی بە كێشە لە دیموكراسی و حكومڕانیی هەرێم كرد و دیاردەی كۆچیشی بە كارەسات ناوبرد.

لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندكاران و داواكارییەكانیشیان وتی"هیچ مەعقول نییە دوای 30 ساڵ حكومڕانی ئەمە بارودۆخی خەڵك و خوێندكاران بێت و لەولاوە بە كێشەی لاوەكییەوە خەریك بێت، ئێستا حكومەت لە دوڕیانی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و لەدەستدانی تەواوەتیی متمانەدایە".

وتیشی "بەرپرسانی وا هەن 200 بۆ 500 ملیۆن دۆلاریان دزیوە، دەیڵێمەوە پارەی ژێرزەمینەكان و بانكەكانی ئەوروپا و گومرگەكان بهێنن، ئاخر 10 ملیۆن دۆلار چییە بۆ خوێندكارانی خەرج ناكەن".

دواتر پ.ی.د.بەسمە حەبیب وتاری فێمینیزمی ڕۆشنگەریی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ژمارەی توندوتیژی و خۆكوشتن و كوشتنی ژنان بەراورد بە ساڵی رابردو زیادیان كردوە.

وتیشی"ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین لە ڕێگەی ڕۆشنگەری و هۆشیارییەوە وا لە تاكەكانی كۆمەڵگە بكەین دور بكەونەوە لە توندوتیژی و جیاوازییەكانی یەكتر قبوڵ بكەن، بۆیە پلاتفۆڕمەكەمان ناوناوە فێمینیزمی ڕۆشنگەری.

دواتر ماجد خەلیل و هاوژین زیبا كار و چالاكییەكانی بازنەكانی پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمینیزمی ڕۆشنگەری خرانەڕو و هێڵە گشتییەكانی كاركردنیشیان بۆ داهاتوو خستەڕو.

ڕاستەوخۆ دوای كۆتاییهاتنی وتارەكان، پانێلی یەكەم لەژێر ناونیشانی "كوردەواری و ڕۆشنگەری" كە بەناوی "مەلای گەورەی كۆیە" ڕیفۆرمخوازی ئایینییەوە بوو دەستیپێكرد.

پ.ی.د.حەیدەر لەشكری مامۆستای زانكۆی كۆیە یەكەم لێكۆڵەر بوو كە باسەكەی لەژێر ناونیشانی "بینراو و نەبینراوی بیركردنەوەی كورد لە سەردەمی كلاسیكی مێژووی ئیسلامدا." پێشكەش كرد و تیایدا هەوڵی دا باسی مێژوو و بەشداریی كورد بكات لە دروستكردنی ڕوداو و نوسینەوەی مێژوی ئیسلام.
 
پێی وابوو بەشێك لە فەیلەسوفە ئیسلامییەكان كوردیان لە دەرەوەی بیركردنەوە داناوە، وتیشی"ئامادەنەبوونی كورد وەك زمان لە مێژوی كلاسیكی ئیسلامیدا وای كردوە كورد لە دەرەوەی بیركردنەوە سەیر بكرێت".

دوەم لێكۆڵەر پ.ی.د ئیسماعیل مەحمودی مامۆستای زانكۆی ئازادی ئیسلامی بوو لە مەریوان، باسەكەی لەژێر ناونیشانی "ئاستانەی تازەگەریی كوردی و چۆنییەتی مامەڵەكردنی لەگەڵ نەریتدا" بوو، ئەو لێكۆڵەرە سەرەتای سەهەڵدانی تازەگەریی كوردیی گەڕاندەوە بۆ ئیستەنبوڵ و لەناو كوردیشدا بۆ حاجی قادری كۆیی.

وتی"حاجی قادر تازەگەریی دەستپێكرد و لە داواكردنی دەوڵەتەوە دەستیپێكرد، دەركردنی ڕۆژنامە و هەوڵەكانی ناردنەدەرەوەی خوێندكاری كورد، ناردنی منداڵ بۆ خوێندن".

ڕونیشیكردەوە، تائێستاش ئەوەندەی لاسایی دەكرێتەوە و تێزی دەرەكی دەهێندرێتە ناوەوە، ئەوەندە گرنگیی بەو تێزانە نادرێت.

دواتر عوسمان نوری ماستەر لە زانستی سیاسی لە جوانڕۆ باسەكەی لەژێر ناونیشانی "دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا، دابڕانی كۆمەڵی كوردستان لە حوجرە و خانەقاوە بۆ مەدرەسە لە وڵاتانی توركیا و ئێران" پێشكەش كرد و باسی لەو دابڕانە كرد كە لە هەموو كۆمەڵگاكاندا ڕودەدات، باسی لە خوێندگە و حوجرەكانی كوردستانیش كرد.

باسی لەو پەڕینەوە و دابڕانە كرد كە بەهۆی دەوڵەتانی خۆسەپێنەری توركیا و ئێران بەسەر خوێندنگە و حوجرەكانی كوردستانیدا هێناوە و گواستنەوەی خوێندكاری كورد بۆیان.

كۆتا توێژینەوەش لەلایەن موحەمەد حەقمورادییەوە پێشكەشكرا، كە سەرنوسەری گۆڤاری بیر و هزرە لە سنە، لەژێر ناونیشانی ئەزمونی كورد لە مۆدێرنیتی لە دۆخی دابڕاندا، ئەو توێژەرە لە میرنیشەكانەوە بە چەند قۆناغێكی جیاواز باسی لە مۆدێنیت كرد، كە كورد تیایدا بەر دابڕانی گەورە كەوتوە و چۆنییەتی مامەڵە و بەركەوتنەكانی كورد بەو دابڕانە و مۆدێنێتییە ڕونكردەوە.


لە كۆتاییدا لە لایەن ئامادەبوانەوە گفتوگۆی سەرجەم توێژینەوەكان كرا.

لە بەرنامەكانی دوانیوەڕۆدا مەلا بەختیار بابەتێكی بە ناونیشانی ئایندەی رۆشنگەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشكەشكرد و تێیدا باسی لە گرنگی زانست و فەلسەفە و شاكارە ئەدەبییەكان و رۆشنگەری كرد كە بنەمان بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵ، ئەم بابەتە دیالۆگێكی چڕوپڕی لەناو ئامادەبوانی هۆڵەكەدا هێنایە كایەوە.

دوای بابەتەكەی مەلا بەختیار، بەرنامەی كۆنفرانسەكە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

پانێڵی سێیەم: ئاین، تەكنەلۆژیا، زانست
پانێڵی (ئیسماعیل جەزیری) زانای داهێنەری كورد و باوكی رۆبۆتەكان
بەڕێوەبەری پانێڵ: د. داستان خالد
- حسێن ڕابی، مامۆستای زانكۆ/ زانكۆی سلێمانی: هونەر، ئاین، فەلسەفەو زانست.
- شاژیر محەمەد، توێژەری زانستی/ سلێمانی: ئاوێنە دەمارەكان و شۆڕشی تێگەیشتن لە ڕەفتاری كۆمەڵایەتی زیندەوەران.
- دیاری سابیر حەمە ئەمین، سایكۆلۆجیست: پەڕگیربوون و توندڕەوی ئۆنلاین، چۆن گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكان تەكنەلۆژیا زانستییەكان لە خزمەتی بیروباوەڕە فەندەمێنتاڵەكانیاندا بەكاردێنن؟
- خەسرەو میراودەلی، توێژەری پلاتفۆڕمی دابڕان: چیرۆكی ئادەم و حەوا، لەنێوان ڕەمز و حەقیقەتدا.
 
پانێڵی چوارەم: ئایین، پیرۆزی، كورد
 
پانێڵی (تۆفیق وەهبی بەگ) رۆشنگەری كورد
بەڕێوەبەری پانێڵ: ساڤۆ سەردار
- ئیبراهیم مەحمود، توێژەر لە سەنتەری بێشكچی: «سەر و كڵاو»، نواندنەوەی كوردییانەی جەهلی موقەدەس.
- پ.ی.د.نەوزاد جەمال، توێژەر لە دەستەی كوردستانی: سێكیۆلاریزم یان دەوڵەتی ئاینی (ئایا سێكیۆلاریزم دژی ئیسلامە؟)
- پ.ی.د.عومەر حەسەن سەعید، مامۆستای زانكۆ، زانكۆی كۆیە: شوێن و ئاین، پیرۆزی و ئەفسانەیی شوێن لە ئایندا.
- دەشتی مەحمود، توێژەر و وەرگێڕ/سلێمانی: فریشتە باوەڕی، ئاینی ڕەسەنی گەلی كورد.

 

کلیک لەم بەستەرانە بکە 
کلیک بکە بۆ بینینی شەشەمین کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان

کلیک بکە بۆ بینینی شەشەمین کۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان

 


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.