سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ناكۆكی ناوخۆیی سەركردەكانی تاڵیبان سەرهەڵدەدات

پێش 4 هەفتە


تایبەت بە دابڕان

 

بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی بی بی سی بەریتانی، ناكۆكی ناوخۆیی لەناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان سەریهەڵداوە، بەڵام ئەو بزووتنەوەیە ڕەتیدەكاتەوە.

 

شەڕێكی قورس لەنێو سەركردەكانی تاڵیبان 
سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی تاڵیبان بە بی بی سی وتووە: شەڕێكی قورس لەنێو سەركردەكانی بزووتنەوەی تاڵیبان سەریهەڵداوە و بەهۆیەوە تا ئێستا چەند كەسێك كوژراون، هۆكاری ئەو شەڕەش دوای ئەوە دێت بەشێك لە سەركردەكانی تاڵیبان دوای ئەوەی ئەمریكا لەو وڵاتە كشایەوە و بزووتنەوەكە كۆنترۆڵی وڵاتەكەی كرد، بوون بە دوو بەشەوە بەشێكیان دەیانەوێت ئەو پاشەكشەیەی ئەمریكا وەك سەركەوتنی خۆیان بانگەشەی بۆ بكەن، هەر ئەمەش بووەتە كێشە لەنێوان سەركردەكانی تاڵیبان.

 

شەڕەكە چۆن سەریهەڵدا؟

  وەك سەرچاوەكە باسی كردووە، شەڕەكە سەرەتا لەنێوان هەریەك لە مەلا برادەر و خەلیل حەقانی بووە كە ئێستا وەزیرە لە حكومەتەكەی تاڵیبان و سەركردەیەكی دیاری تۆڕی حەقانی چەكدارە كە هاوپەیمانی تاڵیبانن.

 

هەفتەیەك لەمەوپێش ڕوویداوە
سەركردەیەكی دیاری دیكەی بزوتنەوەكە كە هێشتا لە قەتەر نیشتەجێیە سەبارەت بەو ناكۆكیانە وتوویەتی : هەفتەیەك لەمەوپێش ئەو ڕووداوە لە كۆشكی سەرۆكایەتی ئەفغانستان ڕوویداوە و بەپێی ڕاپۆرتەكانی هەواڵیش لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژێك مەلا برادەر لەبەرچاو ون بووە  كێشەكانی ناو بزووتنەوەكە زیاتر پەرەیان سەندووە.

 سەرچاوەیەكی دیكە لە بزووتنەوەی تاڵیبان باس لە هۆكارێكی دیكە دەكات، ئەویش ناكۆكی نێوان بەرپرسانی ئەو بزووتنەوەیە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ لەو وڵاتە و وەك سەرچاوەكە دەڵێت پاش شەڕەكە مەلا برادەر چەند ڕۆژێك لەبەرچاو ون بووە.

 

لەدەرەوەی كۆبوونەوەكە پێكدادانی چەكداری ڕوویدا
هاوكات ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكردووە شەڕەكە سەرەتا بە دەمەقاڵەی نێوان مەلا برادەر و خەلیل حەقانی بووە، پاشان ئەو كەسانەی لەگەڵیان بوون بووە بە شەڕی دەستەویەخەیان، دواتر  شەڕەكە لەدەرەوەی كۆبوونەوەكە پێكدادانی چەكداری لێكەوتووەتەوە و بەهۆیەوە چەند چەكدارێك لە هەردوولا كوژراون.

 

هەر زوو ناكۆكی نێوان سەركردەكانی تاڵیبان دەركەوت
لەدوای كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان هەر زوو ناكۆكی نێوان سەركردەكانی تاڵیبان دەركەوت، ئەوانەی نزیكن لە مەلا برادەر سەركەوتنەكەیان بە هۆكاری دیپلۆماسی لێكدەدەنەوە ، مەلا برادەر چەندین جار ئەوەی بەبەرپرسانی تاڵیبان وتووە كە ئەمریكا بە گفتوگۆ كشاوەتەوە نەك شەڕ، بەڵام بەشێكی دیكە لە سەركردەكانی تاڵیبان بەتایبەتیش خەلیل حەقانی و لایەنگرانی وای دەبینن كە بەهۆی فشاری سەربازی و جیهادی ئەوانەوە دژ بە ئەمریكا ئەو وڵاتە ئەفغانستانی جێهێشتووە.

 

ئەو ناكۆكیە ناوخۆییانەی تاڵیبان لەكاتێكدایە سەدان هەزار هاوڵاتی لەو وڵاتە بەهۆی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەو بزووتنەوەیە وڵاتەكەیان جێهێشت و هێشتاش زۆرینەی ئەفغانیەكان خەونی ئەوەیان هەیە وڵاتەكە جێبهێڵن، جگە لەوەی زۆرینەی خەڵكی ئەو وڵاتە لەخوار هێڵی هەژارییەوەن.

 

گەڕانەوەی تاڵیبان دوای ٢٠ ساڵ دێت لە جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوە، ئەوەش دوای هێرشەكانی ١١ـی ئەیلولی ٢٠٠١ـی ئەمریكا، كە بەهۆیەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لە مانگی ١٠ـی ئەو ساڵەدا هێرشیان كردە سەر ئەفغانستان و كۆتاییان بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە كابوڵ هێنا، بەڵام دوای ئەوەی لە 15 ی ئابی 2021 ئەمریكا بەتەواوی دەستی بە كشانەوە كرد، یەك بە یەك شارەكانی ئەو وڵاتە كەوتنە دەستی تاڵیبان و 31 ی هەمان مانگ دواین سەربازی ئەمریكا ئەو وڵاتەی جێهێشت.

س.ج

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.