سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەردۆغان لە دوای میسر روی لە ئیسرائیل كردەوە

29/07/2021


توركیا لە دوای میسر هەوڵەكانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێكرد، ئەمەش لە دوای دەستپێكردنی گفتوگۆ لەنێوان میسر و توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەسەر خواستی ئەنقەرە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پەیوەندیكرد بە ئێسحاق هرتسوگ سەرۆكی نوێی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەكەدا وێڕای پێرۆزبایی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی ئیسرائیل، وتی، پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل گرنگیی زۆریان هەیە لە سەقامگیریی و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەردۆغان وتیشی، توركیا و ئیسرائیل توانایەكی گەورەیان هەیە لەسەرجەم بوارەكاندا بەتایبەتی بواری وزە و گەشتوگوزار و تەكنۆلۆژیا.

سەرۆكی توركیا ئاماژەی بەوەشكرد، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێدادەگرێت لەسەر گەیشتن بە چارەسەری دوو دوڵەت بۆ كێشەی عەرەب و ئیسرائیل لە چوارچێوەی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا.

بە وتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەر هەنگاوێگ لە بارەی چارەسەركردنی كێشەی عەرەب ئیسرائیلەوە پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و توركیا دەخاتە سەر رێگەیەكی باش. 
 
توركیا یەكەم دەوڵەتی زۆرینە مسوڵمانە لە ساڵی 1948 دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی جولەكە دانی بەو ئەم دەوڵەتەدا نا.

لە دوای 2001 و هاتنەسەری كاری پارتی دادوگەشەپێدان لە توركیا كە پارتێكە باكگراوەندی ئیسلامیی هەیە ساردوسڕی كەوتە پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات.

ناردنی كاروانێكی هاوكاری توركیا بۆ غەزە و هێرشی ئیسرائیلییەكان بۆ سەر كاروانەكە، گرژی لەنێوان هەردوولایەندا دروستكرد توركیا داوای كرد ئیسرائیل داوای لێبوردن بكات، بەڵام رەتیكردەوە.

لەماوەی 10 ساڵی رابردودا توركیا زۆرترین گروپی ئیسلامی سیاسی و چەكداری لەخۆی كۆكردوەتەوە و ئەردۆغان وەك رێبەری مسوڵمانان خۆی دەناسێنێت، لەسەر لێدوانی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنساش لەسەر ئاین و كێشەی غەزە رێبەرایەتیی هەڵمەتی ناڕەزایی فراوانی لەناوخۆ و دەرەوەی توركیا كردوە و داڵدەی گروپی ئیخوان موسلیمینی داوە و پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر گرژكردوە لەدوای دورخستنەوەی ئیخوان لە حكومی میسر.

بەهاری 2021 لەگەڵ كەڵەكەبونی كێشە ناوخۆییەكانی توركیا و داتەپینی ئابورییەكەی و سەرهەڵدانی ناڕەزایی ناوخۆیی و چەندین حزبی نوێی ئۆپۆزسیۆن و گرژبونی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و میسر و دەوڵەتانی كەنداو، توركیا پاشەكشەی كرد.

توركیا لە یەكەم هەنگاودا گروپی ئیخوانی تەنگەتاوكرد كاری میدیایی و چالاكییەكانی لە توركیا راگرتن و مەترسی رادەستكردنەوەی سەركردەكانی ئیخوانیش هەبوو، ئەمانە بۆ ئەوە بون عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر رازی بكەن بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی قاهیرە و ئەنقەرە.

ماوەی رابردوو قۆناغی یەكەمی گفتوگۆی میسر و توركیا بەڕێوەچوە و چاوەڕێی ئاسایبونەوەی پەیوەندییەكان دەكرێت.

چەند جارێكیش گەورە بەرپرسانی توركیا خوازیاری خۆیان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سعودیە و ئیمارات نیشان داوە.

هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل هەنگاوێكی نوێی ئەنقەرەیە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكەی، بەڵام دور نییە گروپە ئیسلامییەكان و جەماوەریی ئیسلامی لەناوخۆ و دەرەوەی توركیا لەخۆی نیگەران بكات، چونكە ئەم گروپانە بونی هەر پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسرائیل بە یاساغ دەزانن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.