سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان لەنێوان داننان و ئەجێندا نێودەوڵەتییەكاندا

28/07/2021


چاودێران پێیان وایە كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزیدی، لە مێژوی نوێی مرۆڤایەتیدا قێزەونترین بوو، كاتێك لە 2014 لەسەر دەستی داعش دوچاری كوشتن و رفاندن و كڕین و فرۆشتن و و وێرانكاری و تاڵانی و راگواستن و هەموو جۆرە تاوانێك هاتنەوە، هەرێم و دنیا دانیان بە كۆمەڵكوژی ئەواندا ناوە، بەڵام عێراق تائێستا نەیكردوە.

ئەوەی بەسەر ئێزیدییەكان هات، بە مانای دەستەواژەكە كۆمەڵكوژی بوو، لەوەش خراپتر تا ئێستا عێراق دان بە كەیسەكەیاندا نانێ و كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و گەڕانەوەی ئاوارە و قەرەبوكردنەوەی قوربانیان و هێنانەوەی رفێنراو و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانیان ناكات، ئەوەی دوچاری دێنەوە، درێژكراوەی ئەوەیە كە بەدەستی داعش دوچاری هاتنەوە، قایمقامی پێشوی شنگال پێی وایە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەم خولەدا، هاوشێوەی پەرلەمانەكانی كوردستان و ئەوروپا و دنیا، دان بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكاندا بنێت.

مەحما خەلیل دەڵێت، پەرلەمانی كوردستان و وڵاتانی ئەمریكا و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەرمینیا و كەندا و سكوتلەندا و ئوسترالیا و پرتوگال و بەلجیكا و هۆڵەندا و فەڕەنسا، دانیان بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان داناوە، بۆیە داننان بە كۆمەڵكوژی ئەوان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، وەك گەڕاندنەوەی كەرامەت و سوككردنی نەهامەتییەكانیان دەبێت، كە لە 3ی ئابی 2014 لەسەر دەستی داعش دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوان لە روی مرۆیی و جوگرافی و ئابوری و خزمەتگوزارییەوە كرانە ئامانج.

قایمقامی شنگال دەشڵێت، ئێستا ناوچەی ئێزیدییەكان كەوتوەتە ناو ململانێكان و ئەجیندای نێودەوڵەتی هاتوەتە ناو كەیسەكەیان، بۆیە بەهۆی نەبونی چارەسەرێكی نیشتمانی لەو دۆخە نالەبارە، ئێزیدییەكان متمانەیان بە سەقامگیربون و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان نەماوە و پێویستە مافە یاسایی و دەستورییەكانیان بۆ فەراهەم بكرێت و رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت.

داواشی لە حكومەتی عێراق كرد چارەسەری ستراتیجی و كردەیی بۆ نەهامەتی ئێزیدییەكان بدۆزێتەوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، كە ئەوەش تەنها بە چەند هەنگاوێك دەبێت لەپێشەوەیان داننانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كۆمەڵكوژی ئەوان، كە دەبێتە دەستكەوتێكی بۆ مرۆڤایەتی و عێراق و كەمینە ئاینییەكان، جیا لە پاڵپشتی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشە و برینەكانیان.

عیسا سەعدۆ توێژەری ئێزیدی باسی مێژوی كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان بەدرێژایی مێژو دەكات و دەڵێت، تا ئێستا 74 كۆمەڵكوژی ئێزیدی روی داوە، لەسەر دەستی عوسمانییەكان تا دەگاتە داعش، تا ئێستا داواكاری ئێزیدییەكان داننانە بە كۆمەڵكوژییان لەسەر دەستی داعش، دانانی ئەم دواییەی بەلجیكا و هۆڵەندا بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان كەیسی ئەوانی هێنایە پێشەوە، پێش ئەوانیش فەڕەنسا دانی بە كۆمەڵكوژی ئەواندا نا، بۆیە داننان بە كۆمەڵكوژی ئەوان دەستكەوتێكی مەعنەوییە و بەڵگەنامەیەكی مێژوییە و نەهامەتی ئەوان زیندو رادەگرێت. 

موراد ئیسماعیل بەڕێوەبەری پێشوی جێبەجێكاری رێكخراوی یەزدا كە داكۆكی لە مافی ئێزیدییەكان دەكات وتی، هیوای وایە ئەو داننانە بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان، ببێتە مایەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و دادگاییكردنی بەشدارانی كۆمەڵكوژییەكە بە دامەزراندنی دادگایەكی نێودەوڵەتی، ئەو بە گرنگی زانی لایەنە ئێزیدییەكان كار بۆ ئەوە بكەن روسیبا و چین و ئەڵمانیاش دان بە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكان دابنێن، چونكە ئەوانە كاریگەرییان بۆسەر بڕیاری سیاسی دنیا هەیە و دەشتوانن لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان بەشداری بكەن.   

خەیری بۆزانی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری ئێزیدییەكان لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم  دەڵێت، لەوەتەی هێرشەكانی داعشەوە تا ئێستا، حكومەتی عێراق یەك هەنگاوی ئەرێنی لە بەرژەوەندیی ئێزیدییەكان نەناوە، ئەگەر هەشبوبێت، دامەزراندنی كەمپی جەدعە و هێنانەوەی خێزانەكانی داعشە كە هەنگاوێكی خراپ و دژی ئێزیدییەكانە.

لەبارەی لێپرسینەوە و سزادانی داعشەكان لەسەر كەیسی جینۆسایدی ئێزیدییەكان وتی، بابەتەكە بە تەواوەتی سیاسییە، چۆن دروستكردن و هاتنی داعش و داگیركردنی شنگال و ناوچەكانی تر سیاسی بوو، دەرهاویشتەی ئەو پرۆسەیە هەر هەمووی سیاسییە، ئێزیدییەكان دوجار باج دەدەن، باجی ئەوەی ئێزیدین و باجی ئەوەی كوردن، رێككەوتنێك لەنێوان هەولێر و بەغدا كرا لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، كەچی تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، ئەوەی جێبەجێ كراوە خاڵێكی بچوكە لە بەرژەوەندی شیعەی عێراقە، كە تا ئێستا شەش هەزار كەسیان بە جلوبەرگی پۆلیس هێناوەتە شنگال و جێگیریان كردون، ئەگینا هیچ خاڵێكی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە.

بەپێی ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی، لە 3ی ئابی 2014ەوە تا 3ی ئاداری 2021، ژمارەی ئێزیدییەكان لە عێراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزاریان بەهۆی داعشەوە ئاوارە بون و 150 هەزاریان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، ژمارەی شەهیدانیان لە رۆژانی یەكەمی هێرشی داعش 1293 كەس بووە، ژمارەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی دۆزراونەتەوە لە شنگال 82 گۆڕە، 68 مەزاریان تەقێنراونەتەوە یان روخێنراون، ژمارەی ئەوانەی چونەتە دەرەوەی وڵات زیاتر لە 100 هەزار كەسە، ژمارەی رفێنراوانیان 6417 كەسە و ژمارەی رزگاربوان 3545 كەسە و ئەوانەی چارەنوسیان نادیارە 2768 كەسن.
سەرچاوە/وشە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.