سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هیندستان.. كچێك تەنها لەبەرئەوەی پانتۆڵی (کاوبۆی) پۆشیوە كوژرا

27/07/2021


كچە هەرزەكارێك لە هیندستان بەشێوەیەکی "وەحشیگەرانە" لەلایەن کەسوکارەکەیەوە دەکوژرێت، لە كاتێكدا تاوانەکەی تەنها پۆشینی پانتۆڵێکی جۆری "کاوبۆی" بوە.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری دۆیچە ڤێللەی ئەڵمانی کچێکی خەڵکی هیندستان لەلایەن کەسوکارەکەیەوە لێیدەدرێت تاکو ئەو کاتەی ڕۆحی دەردەچێت و دەمرێت، تاکە هۆکاريش بۆ لێدانەكەی تەنها پۆشینی پانتۆڵێکی"کاوبۆی"بوە، كە جێگەی ڕەزامەندی ئەندامانی خێزانەکەی نەبوە.

 

ئەو کچە ناوی (نیها پاسوان)ەو تەمەنی 17 ساڵە، لەگەڵ خێزانەکەی لە ویلایەتی (ئاوتار برادیش) لە باکوری هیندستان دەژین، بەڵام لەبەر كردنی پانتۆلێكی"كاوبۆ" كۆتایی بە ژیانی ئەو كچە هێنا، تەنها لەبەرئەوەی ئارەزوی کردوە وەک هەرزەکارێک جلوبەرگێك بەخواستی خۆی بپۆشێت، وەک کچانی ئەو وڵاتانەی كە بێبەش بوون لە ئازادی.

 

پۆلیسی ئەو ناوچەیە ئاماژەیان بەوە کردوە لەدوای کوشتنی کچەکە، باپیر و داپیرە و مامێکی دەستگیرکراون کە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا هاوکاربون بۆ لێدان و کوشتنی کچەکە، بەڵام وەک باسیان کردوە باوکی هیچ ئاگادارییەکی لەسەر کوشتنی کچەکەی نەبوە و بێتاوانییەکەی سەلمێندراوە.

 

(شاکونتالا دێفی پاسوان)ی دایکی کچە تەمەن 17 ساڵەکە بۆ (BBC) وتویەتی "باپیر و مامی کچەکەم بە جلوبەرگەکانی ڕازی نەبون، هەربۆیە بە دار و گۆچان لێیانداوه تاکو  گیانی لەدەستداوه".

 

باوکی (نیها پاسوان) بەیانییەكی زوو دەچێتە سەر کارەکەی و ئێواره درەنگ دێتەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام کاتێک دێتەوە بە مەرگی کچەکەی بەخێرهاتنەوەی دەکەن، هەربۆیە ڕایگەیاندوە کەكەس و كاری بەبێ ئاگاداركردنەوەی خۆی لە ماڵەکەیدا بەدار کچەکەی دەکوژن.

 

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە هیندستان ئاماژەیان بە مەترسی کردوە لە هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکەیان کە مافی کچان دەخورێت و ڕوبەڕوی ئازار و کوشتن دەبنەوە، بەجۆرێک لە ناوچە گوندنیشنەکان جلوبەرگ و ئازادییەکانی کچان سنوردارکراوە.

وێنەی نیها پاسوان لەگەڵ دایکی

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.