سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بنچینەی وشەی اللە چییە؟

27/07/2021


 

چۆمان حەمە

 

هەر واژەيەکی دینی لە ناو دینە ئیبراهیمییەکان (جولەکە ، مەسیحی ، ئیسلام) ئەبیستین، لە ناو دینەکان دا ئەگەر بە دواچوونێکی خێرایی بۆ بکەین، وا ئەبینین ئەو دەستەواژەیە ڕەگێکی مێژوویی هەیە، و پێشتر بە شێوازێکی تر بەکارهاتووە، و لە دوای ئەو شێوازەی وەرگرتووە کە هەیە. یەکێک لەو واژانە، کە زۆربەی کات یان ئەتوانم بڵێم هەموو کات گوێ بیستی ئەبین لە باوەڕدارانی موسڵمان، واژەی (اللە)یە  كە ڕەگێکی قوڵی هەیە لە ناو مێژوودا، و بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیووە تاوەکو ئەم واژەی وەرگرتووە کە (اللە)یە.

 

واژەی (اللە) بەر لەوەی بەم شێوەیە گۆ بکرێت، سەرەتا بە وشەی (ئەنێلیل) ی سومێری دەستی پێکرد، کە لە ناو زمانی خودای مەزن یان خودای گەورە  و گەورەی خودایان و گەورە پادشای خوداوەندەکان هاتووە، و فەرمانڕەوایی زەوی و ئەو خەڵکەکەشی کە لە سەریەتی پێ وتراوە. دواتر پاش کۆچ کردنی هۆزە ئەکادییەکان لە نیمچە دوورگەی عەرەبی بۆ وڵاتی خوارووی میزۆپۆتامیا (وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە)، ئەوان واتا ئەکەدییەکان و شەی (ئێنلیل) ئەبێتە (ئیللیل)، و دواتر ئەچێتە ناو زمانی وەکو ئارامی و فىنيقی ئەبێتە ئیل_ئال_ئاللات، و دواتر لە ناو زمانی فینيقی  ئەبێتە ئیلات، و ئێستە شارێک هەیە بە ناوی بەندەر ئیلات لە پارێزگا (ناوچە) ی باشوری لە وڵاتی ئیسرائیل لە سەر کەنداوی عەقەبەیە.

 

پاشان ناوەکە لە لای هۆزە سامییەکانی وەکو ئەنباتییەکان ئەبێتە (ئەللات)، هەروەها دوای ئەوەی بە چەندین قۆناغ کە خەڵکی جولەکە لە وڵاتی ئیسرائیل لە لایەن هەر دوو دەوڵەتی ئاشووری و دەوڵەتی کلدانی کۆچییان پێ ئەکرێت بۆ وڵاتی میزۆپۆتامیا (وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە)، ئیتر جولەکەکان ئاشنا ئەبن بە وشەی (ئەنێلیل) ی سومێری، و ئەوانیش وەکو نەتەوەکانی پێش خۆیان وشەکەیان لەگەڵ گۆ کردنی زمانی خۆیان ئەگونجێنن بە (ئیل) گۆیان کردووە. پاشان ئەوەی بەشێکی بەرچاوی جولەکە بە هۆی کە دەوڵەتی کلدانی لە لایەن ئیمپراتۆریای هه‌خامه‌نشییه‌کان بە هاوکاری جولەکەیان داگیر کرا، گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان ئەو جولەکانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە ئاشنا بوون بە وشەی (ئیل)، و لە تەواوەی کتێبەکانی وەکو تەلمودی بابلی و سەفەری تکوین و سەفەری خروج و سەرجەم سەفەرەکانی تر جولەکە وشەی (ئیل) بۆ ناوی خودای گەلی جولەکە بەکارهاتووە.

 

گەلی جولەکە پێیان وا بووە کە (ئیل) تەنها خودای گەلی جولەکەیە، و ئەوەش لە ناوە جولەکەکاندا باوە وەکو نازناوی پەیامبەر یەعقوب کوڕی پەیامبەر (ئیسحاق) کوڕی پەیامبەر ئیبراهیم (سەفا) بووە کە بە (ئیسرائیل) بە ناوبانگە. وشەی ئیسرائیل وشەێکی لێکدراوە، کە (ئیسرا) بە مانای بەند دێت لە زمانی عیبری جولەکەدا، و وشەی (ئیل) بە واتا خودا دێت، کەواتە هەر دوو وشە بە سەر یەکەوە واتا وشەی لێکدراوی (ئیسرائیل) ماناکەی بەندەی ئیل واتا خودا دێت، کە وشەی (ئیسرائیل) چەندین جار بۆ ناوی پەیامبەر یەعقوب بەکارهاتووە بە کە (بنی ئیسرائیل) بەکارهاتووە واتا کوڕانی ئیسرائیل. هەروەها وشەی لێکدراوی (ئیسماعیل) بە واتای ناوی ئیل واتا خودا دێت، کە ناوی پەیامبەرێک بووە و کوڕی پەیامبەر ئیبراهیم (سەفا)یە، کە بە پێی بەڵگە مێژووییەکان پەیامبەری ئیسلام نەوەی ئیسماعیل.

 

هەروەها کۆمەڵێک ناوی فریشتە هەن، کە پاشگری (ئیل)یان پێوەیە، وەکو (جوبرائیل) بە واتا گیانی پیرۆزی ئیل (خودا) دێت، پەیام هێنی خودا بووە بۆ لای ئەو پەیامبەرانەی کە خوداوەند بۆ خەڵکی ناردوونی، و ئیسرافیل بە واتای بەر پرسیار لە کاروباری لێدانی ئەو بوقەی کە بە هۆیەوە ڕۆژی دوایی واتا قیامەت دێت، و میکائیل بە واتای بە پرسیاری کاروباری باران بارین و تەڕ بوون و چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، و ئەو سێ فریشتەیە بە هەمان و کار و بەرپرسیارییەوە لە کتێبی قۆرئاندا کە کتێبێکی پیرۆزی موسڵمانەکانە ناویان هێنراوە.

 

پاشان ئەوەی جارێکی تر نەتەوەی جولەکە تووشی ئاوارەیی ئەبنەوە لە دەستی ڕۆمییەکان، و کۆچییان بۆ زۆربەی وڵاتانی ئێستەی جیهان، لە ناویان دا بۆ وڵاتی ئێستەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە نیمچە دوورگەی عەرەبی کۆچییان کردووە و لە پاڵ عەرەبەکانی ئەوێ ژیاون، ئەوە بوو وشەی (ئیل)یان بردووە. هەروەها عەرەبەکانیش خۆیان وشەکانی (لات) و (ئەلیلا) بۆ خواوەندەکانیانی خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام وشەی (ئیل)یان وەرگرت و بە (ئەللا) گۆیان کرد، و پاش ئەوەی دینی ئیسلام لە شاری مەککەی هەرێمی حجازی سەر بە شانشینی عەرەبستانی سعودیەی ئێستە بڵاو بووەوە لە شاری یەسریب (مەدینە) ی ئێستە بە تەواوی گەشەسەندنی بە خۆیەوە بینی و سەرکەوت و عەرەبەکان هاتنە پاڵی. ئیتر وشەی (ئیل) بە (ئەللا) کە دواتر بووە بە وشەی (اللە) گۆ کرا، و  بە تەواوی لە زمانی عەرەبی دا جێگەی خۆی گرت. هەروەها بووە وشەی (اللە) بووە بە واژێکی دینی لە دینی ئیسلامدا، و دواتر لە ڕێگەی بڵاو بوونەوەی دینی بە جیهاندا لە سەدەی حەوت و هەشتی زایینیەوە بە ڕۆژهەڵات و جیهاندا بڵاو بووە. لە ئێسەدا ئەو کەسانەی موسڵمانن و نۆێژ و قۆرئان ئەخوێنن بە شێوەێکی بەردەوام وشەی (اللە) ئەهێنن، کە لە بنچینەدا وشەی (اللە) ی ئیسلام لە وشەی (ئەنێلیل) ی سومێرییەوە هاتووە.

 

___________________________

سەرچاوەکان
1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.
2_مه‌حمود شاکر: مێژووی شارستانیه‌ته‌کان/به‌رگی یه‌که‌م-وه‌: مووسا مه‌حمه‌د عه‌بدوڵڕه‌حمان و نیهادجه‌لال حه‌بیب الله‌-سلیمانی2011ز.
3_ د . یوسف مه‌جید زاده‌: مێژووی شارستانیه‌تی میزۆپۆتامیا/به‌رگی دووه‌م-وه‌: سه‌میر حوسىێن-سلێمانی2012ز.
4_د . هاشم یحی الملاح: مێژووی عەرەبی پێش ئیسلام-وە: هۆشیار عەبدوڵڵا سەنگاوی٠هەولێر2012ز.
5_د . هاشم یحی الملاح: مێژووی سەردەمی پێغمبەر (د ، خ) و خولەفای راشدین-وە: هۆشیار عەبدوڵڵا  سەنگاوی-هەولێر2012ز.
6_ کۆمەڵێک نووسەر: داستانی گیگامێش (ئەو کە قوڵایی بینی)-وە: شاسوار هەرشەمی-تاران2017ز.
7_ئەحمەد رەبیع عەبدولمنعم: نابوخەزنەسەر و مەملەکەتی بابل-وە: گەرمیان محەمەد ئەحمەد-سلێمانی2017ز.
8_شاسوار هەرشەمی: مێژووی ئارامییەکان لە کوردستاندا-تاران2018ز.
9_شاسوار هەرشەمی: ئاوڕێک لە زمانی سومێری-تاران2018ز.
10_مارک فان دی میرۆپ: مێژووی خۆرهەڵاتی نزیکی کۆن-وە: عەلی نادر-تاران2018ز.
11_بەرزان ئەحمەد کوردە: جوولەکانی کوردستان-سلێمانی2019ز
12_پ . ئۆفرا بێنگیۆ: جوولەکە و ئیسرائیل لە دوو توێی لاپەڕەکانی مێژووی کۆن و نوێدا-وە: عەدنان نیلوفەڕی-تاران2020ز.
13_سیمۆن مارکۆڤیچ دونبون: کورتە مێژووی جوو-وە: د . دلێر ئەحمەد حەمەد-هەولێر2020ز.
14_فراس السواح: سەرکێشیی یەکەمی ئەقڵ-وە: د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد-تاران2021ز.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.