لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەقڵ و دڵ: وەڵامێكی زانستی بۆ د. خالید موحەمەد

پێش 4 هەفتە


نوسینی: دیاری سابیر

یەكێك لەو كێشانەی لە هەرێمی كوردستان بەدی دەكرێت زانیاری گەیاندنە بە شێوەیەكی ناورد و هەڵە, ڕۆژانە چەندان شت دەبیستین و دەخوێنینەوە, لە سۆشیاڵ میدیا و سایت و نوسراو و وتراوەكانی دیكە كە بە بابەتی زانستی ناوزەند دەكرێن, لە كاتێكدا هەم بەشێك لەوانەی ئەم بابەتە بە ناو زانستییانە بڵاودەكەنەوە و هەم خوێنەرانیش زانیارییەكی ئەوتۆیان نییە لەسەر ئەوەی زانست چییە؟ چی وا دەكات بەڵگەیەك زانستی بێت؟ كام توێژینەوانە دەتوانین دەرەنجامی متمانە پێكراویان لێ وەدەست بخەین؟ هەندێك بە هۆی كەمی زانیارییەوە و هەندێك بە مەبەستی پێشخستن و گەورەكردنی ئایدیۆلۆژییەكی دیاریكراو دێن گریمانە وەك دەرەنجام و توێژینەوەی سەرەتایی وەك توێژینەوەی دەرەنجامگیر بە خەڵك دەگەیەنن, لە كاتێكدا ئاكاری زانستی بریتییە لە گەیاندنی داتا و زانیارییەكان بە شێوەیەكی ڕاستگۆیانە و ورد, هەروەها دوور لە هەموو لایەنگیرییەك و ڕای دۆگمایانەی كەسیی.

دواترین بابەتێك لەم جۆرە لەلایەن مامۆستایەكی زانكۆی سلێمانی بەشی یاساوە لە پەیجی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە كە بە كورتی ئاماژە بەوە دەكات زانستمەندەكان بەم دواییانە گەیشتوون بەو دەرەنجامەی دڵ سەرچاوەی ئەقڵە و سۆزەكان و بڕیاردان لە دڵەوە سەرچاوە دەگرن. یەكەم پرسیارێك كە دروست دەبێت ئەوەیە پەیوەندی چییە لە نێوان شارەزایی كەسێك لە یاسادا و بابەتێكی سایكۆبایلۆجییانەی وەك سەرچاوەی هەڵچوون, سۆزەكان و بڕیاردان؟ بەڵام لێرە ئەوەی پێی دەوترێت تایبەتمەندی ئەكادیمی (ئیختیساس) گرنگییەكی ئەوتۆی نییە و, لەلایەكی دیكەشەوە پزیشك هەیە لێرە كە هەمان بیروباوەڕی هەیە, كەوایە ئەكادیمی بوون زۆر یارمەتیدر نابێت كاتێك كەسێك بە پشت بەستن بە ئادیۆلۆژیایەكی دیاریكراو هەموو شتێك لێك بداتەوە. مەبەست لە نوسینی ئەم بابەتە وەڵامدانەوەیەكی زانستییە بۆ ئەو بانگەشانە و پیشاندنی بەشێك لە چوارچێوەی زانستی ئەم بابەتەیە.

سەرەتا لە نوسین و قسەكانی (د. خالید موحەمەد) دەكرێت چوار لایەنی سەرەكی دەربهێنین وەك بانەگەشەی سەرەكی, كە هیوادارم پیشاندەرێكی وردی قسەكانی بن ..

١) هەڵچوون و سۆزەكان لە دڵەوە سەرچاوە دەگرن
٢) دڵ تایبەتمەندییەكانی كەسایەتی دیاریدەكات, یان كاریگەریان دەخاتە سەر
٣) دڵ سەرچاوەی لێكدانەوە و بڕیاردان و هەڵسەنگاندنە
٤) دڵ یادگەی تێدایە و قسە و ڕەفتار هەڵدەگرێت

پێش چوونە سەر باسكردن لەم لایەنانە گرنگ هەندێك بەرچاوڕوونیمان هەبێت. سەرەتا لە زانستدا ئەوەی پێی دەوترێت ئاگایی (Consciousness), واتە چی وادەكات مرۆڤ بە ئاگا بێت, یەكێكە لە هەرە پرسە دژوارەكان و تا ئێستاكە توێژینەوە زانستییەكان بە دەرەنجامی یەكلاكەرەوە نەگەیشتوون سەبارەت بە پرسی ئاگایی. وەلێ سەبارەت بە كاری بەشەكانی مێشك و كاری دڵ زانست گەیشتووە بە بەڵگەی زۆر جێی متمانە و یەكلاكەرەوە كە لە دواتردا باسیان لێوە دەكەین. لایەنێكی دیكە پێویستە ئاگاداری بین واژەی هەستە, كە لە زمانی كوردیدا بەرانبەر ٣ زاراوە بەكاردێت. لەم نوسینەدا هەوڵدراوە هەست تەنها بەرانبەر (Sensation) بەكارهێندرابێت واتە ئەوەی لە ٥ هەستەوەراكانمانەوە وەریدەگرین. بۆ (Emotion) هەڵچوون بەكارهێندراوە  كە زیاتر بناغەیەكی بایۆلۆجییان هەیە و, بەرانبەر (Feeling) سۆز بەكارهێندراوە كە زیاتر ئەزموونی زیهنی كەسین.

 

بانگەشەی یەكەم: هەڵچوون و سۆزەكان لە دڵەوە سەرچاوە دەگرن

د. خالید: عەقڵ كە لە دڵدایە بریتییە لە سەرچاوەی هەموو هەست و سۆزەكان. بۆ نمونە ئەڵێی بە دڵ فڵان كەسم فڵان كەسم خۆشدەوێت, كەوایە دڵ بڕیاری داوە خۆشمان بوێت. ئەڵێی پڕ بە دڵ ڕقم لێیەتی, یان ئەو خواردنە دڵم نایبات.

دوو پێكهاتەی مێشك زۆرترین پەیوەندییان بە هەڵچوونەكانەوە هەیە: amygdala, Insula

Amygdala: پێكهاتەیەكی شێوە بادەمییە لە خوارەوەی مێشك و بەشێكە لە (Limbic system) كە تۆڕێكی دەمارییە و كار لەسەر زۆر لایەنی هەڵچوونەكان و یادگە دەكات. كاری سەرەكی ئەمیگدالا بریتییە لە یەكخستنی هەڵچوونەكان, ئەوە ڕەفتارانە هەڵچوونەكانیان لە پشتەوەیە و پاڵنەرەكان. ئەم پێكهاتەیە لێكدانەوە بۆ ترس دەكات و یامەتیدەرە لە جیاكردنەوەی هاوڕێ و دوژمنەكان. پێشتر وا دەزاندرا ئەمیگدالا تەنها پەیوەندی هەیە وروژێنەرە نەرێنییەكانەوە, بەڵام دواتر دەركەوت لە هەڵچوونی ئەرێنیشدا بەشدارە كە وروژێنەرەكانی پاداشتەوە دروست دەبن. لە توێژینەوەیەكی هێنریك كلوڤێر و پۆڵ بیوسی لەسەر ژمارەیەك مەیمون كە ئەمیگدالایان زیانی بەركەوتبوو, تێبینی گۆڕانكاری كرا لە هەڵچوونەكاندا و, تویژینەوەكانی دوای ئەمە پیشانیان دا ئەمیگدالا ڕۆلێكی گرنگی هەیە لە ڕێكخستنی هەڵچوونەكاندا (Salzman, 2019).

Insula: ئەم پێكهاتەیە سەرچاوەی بێزكردنەوەیە, كە كاردانەوەیەكی بەهێزی نەرێنییانەیە, بۆ نمونە بۆ بۆنی ناخۆش. ئەزموونی بێزكردنەوە دەكرێت بتپارێزێت لە خواردنی شتی تێكچوو. ئەو توێژینەوانەی بە (MRI) ئەنجامدراون پیشانی دەدەن ئینسولا چالاك دەبێت كاتێك كەسەكە هەست بە ئازار دەكات یان چاوەڕێی دەكات. دەمارزانەكان پێیان وایە ئینسولا ڕیپۆرت وەردەگرێت لەسەر بارودۆخی فیسیۆلۆجی جەستە و سۆزی كەسی دەربارەیان بەرهەم دەهێنێت.

 

بانگەشەی دووەم: دڵ تایبەتمەندییەكانی كەسایەتی دیاریدەكات, یان كاریگەریان دەخاتە سەر

د. خالید: نەشتەرگەرییەکانی گۆڕینی دڵ، بۆچونی زۆرێک لە زانایان لەو بارەیەوە گۆڕا، پاش ئەوەی بۆیان دەرکەوت کە زۆرێک لەو نەخۆشانەی دڵیان بۆ دەگۆڕدرێت پاش گۆڕینی دڵەکانیان هەڵسوکەوت و شێوازی بیرکردنەوەیشیان دەگۆڕێت.

هەر لە كۆنەوە ئەم بانگەشە هەیە كە ئەو كەسانەی دڵیان بۆ دەگۆڕدرێت لایەنی كەسایەتییان لەگەڵیدا دەگۆڕدرێت, بەڵام توێژینەوە زانستییەكان پاڵشتییەكی ئەوتۆی ئەم بانگەشەیە ناكەن. لە توێژینەوەیەكدا لە ڤییەنا ئەم پرسە بە بەشداری ٤٧ نەخۆش كە نەشتەرگەری گۆڕینی دڵیان بۆ كرابوو خرایە ژێر لێكۆڵینەوە. بەشداربووان لە ماوەی دوو ساڵی پێشوودا نەشتەگەرییان بۆ ئەنجامدرابوو و زانیارییەكانیان لەڕێی چاوپێكەوتنەوە لێ وەرگیرا. %٧٩ی بەشداربووان ڕایانگەیاند كەسایەتییان بە هیچ شێوەیەك نەگۆڕاوە و پرسیارەكانیان بە بێ مانا دەبینی. %١٥ ئاشكرایان كرد گۆڕانكاری لە كەسایەتییاندا ڕووی داوە بەڵام بەهۆی ئەوە نا دڵی كەسێكی كەیان بۆ داندراوە, بەڵكو بەهۆی ئەوەی نەشتەرگەرییەكەیان ترسناك بووە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست كردووە. تەنها %٦ پێیان وابوو بەهۆی گۆڕینی دڵیانەوە كەسایەتییان گۆڕاوە و توێژەران ئەم بیرۆكەیان بە بە بیرۆكەیەكی كۆن ناوزەند كرد و وەك گرفتئامێز تەماشایان دەكرد (Bunzel, Schmidl-Mohl, Grundböck, & Wollenek, 1992).

 

بانگەشەی سێیەم: دڵ سەرچاوەی لێكدانەوە و بڕیاردان و هەڵسەنگاندنە

چیرۆكی فینییەس گەیج ئەم پرسە ڕووندەكاتەوە ..

لە ساڵی ١٨٤٨, ڕوداوێكی ترسناك ئاماژەی كرد بۆ ڕۆڵی ناوچەی پێشەوەی مێشك (prefrontal cortex) لە سروشتی كەسی و بڕیارداندا. فینییەش گەیج یەكێك بوو لەو كەسانەی لە دروستكردنی هێڵی ئاسنین كاریدەكرد, كاتێك تەقینەوەیەك ڕوویدا ئاسنێك چوو بە سەریدا. تیرەی ئاسنەكە ٣ سانتیمێتر بوو, لە خوار چاوی چەپییەوە چووە ناو كەلەی سەری و لە تەوقی سەرییەوە هاتە دەر, زۆرێك لە ناوچەكانی بەشی پێشەوەی مێشكی زیانیان بەر كەوت. گەیج چاكبووەوە, بەڵام كەسایەتی بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕا. وابەستەیی سۆزداری نەما, ئارامگرتنی نەما و, ڕەفتاری چاوەڕواننەكراوی ئەنجام دەدا.

هەندێك لەو تیومەرانەی (لوو) لە بەشی پێشەوەی مێشكدا دروست دەبن هەمان نیشانەی هاوشێوە دروست دەكەن. زیهن و یادگەی كەسەكە وەك خۆیان دەمێننەوە, بەڵام پڕۆسەی بڕیاردان كێشەی تێدەكەوێت و كاردانەوە هەڵچوونییەكان كەم دەبنەوە. لە ١٩٠٠كاندا, هەمان كێشە ڕوویدا دوای نەشتەرگەرییەك لەسەر بەشی پێشەوەی مێشك, كە تیایدا پەیوەندی نێوان بەشەكانی پێشەوەی مێشك و (Limbic system) زیانی پێدەگەیەندرێت. 

تێبینی: ئەم بەشە لە كتێبی (Campbell Biology)یەوە وەیگیراوە و كراوە بە كوردی كە ساڵی ٢٠١٣ دەرچووە یەكێكە لە تێكستبووكە جێی متمانەكان.

د. خالید: چاو كەسێك ئەبینێت, وێنەكەی ئەنێرێت بۆ دەماغ ئەیشواتەوە و ئەینێرێت بۆ دڵ, دڵ بڕیار لە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر ئەم كەسە و قسەكانی ئەدات. 

لە ڕاستیدا هەستكردن و پەیبردن (Sensation & Perception) دوو پڕۆسەن كە تێگەیشتنی زانستی باشمان بۆیان هەیە. سەرەتا ئاشكرایە مرۆڤ ٥ هەستەوەری هەیە, كاتێك وروژێنەرێك لە ژینگەی چواردەوری كەسەكەوە هەستی پێ دەكرێت ئەوا بەپێی جۆری وروژێنەرەكە هەستەوەرەكان چالاك دەبن و هەستی پێ دەكەن كە ئەمە هەنگاوی سەرەتاییە بەرەو پەیبردن. سەرەتا پڕۆسەی (Transduction) ڕوودەدات كە تیایدا وزەی وروژێنەرەكە دەگۆڕدرێت (كۆنڤێرت) بۆ سیگناڵی دەماری و دەنێردرێت بۆ مێشك. دواتر لە ناوچەی دیاریكراوی مێشك پڕۆسەی پەیبردن دەست پێدەكات كە بریتییە لە لێكدانەوەی ئەو زانیارییانەی لە ژینگەوە پێمان دەگات تا ماناكەی بزانین. بە واتایەكی دیكە هەستكردن بریتییە لە هەستكردن بە بوونی وروژێنەرێك و پەیبردن بریتییە لە دیاریكردنی ئەوەی ئەم وروژێنەرە چییە و چی دەگەیەنێت. دڵ لەم پڕۆسەیەدا بەشدار نییە, وەلێ ئەگەر بۆ نمونە شتێكی جێی مەترسی ببینیت, كە ئەمە هەستكردنە, دواتر لە پڕۆسەی پەیبردندا دەزانیت ئەم شتە مەترسیدارە و سیستەمی سیمپەساوی كارا دەبێت تا بتوانیت ڕابكەیت لە مەترسییەكە یان ڕووبەڕووی ببیتەوە و لەم كاتەدا لێدانی دڵ خێرا دەبێت تا بتوانیت یەكێك لەم پەرچەكردارانە ئەنجام بدەیت, پەیوەندییەكە تەنها بەم شێوەیە (Wozniak, 2011).

 

بانگەشەی چوارەم: دڵ یادگەی تێدایە و قسە و ڕەفتار هەڵدەگرێت

 توێژینەوە زانستییەكان پیشانیان داوە چوار بەشی مێشك پەیوەندیدارن بە یادگەوە ..

١) Amygdala
وەك پێشتر باسمان كرد كاری سەرەكی ئەمیگدالا رێكخستنی هەڵچوونەكانە, وەلێ ڕۆڵیشی هەیە لە چۆنییەتی هەڵگرتنی یادەوەرییەكان, چونكە پڕۆسەی هەڵگرتن لەلایەن سترێس هۆڕمۆنەكانەوە كاریگەری دەخرێتە سەر. بۆ نمونە لە توێژینەوەیكدا لە ساڵی ٢٠١٠ لەسەر ژمارەیەك جرج كاردانەوەی ترسئامێز تاقیكرنەوەی لەسەر كرا. بە بەكارهێنانی مەرجداركردنی پاڤلۆڤییانە دەنگێكی پێشتر كاریگەر دروستنەكەر پەیوەندیدار كرا بە شۆكێكی كارەبایی هێواش بۆ قاچی جرجەكان. دوای ئەوەی مەرجیبوون ڕوویدا, جرجەكان هەر كاتێك گوێیان لە دەنگەكە دەبوو, لە جێی خۆیان وشك دەبوون (ئەمە كاردانەوەی جرجە بۆ ترس), كە پیشانی دەدات یادەوەرییان هەیە لەو شۆكەی پێشتر لەگەڵ ئەم دەنگە لێیان دراوە. دواتر توێژەرەكان هەندێك دەمارەخانەی نـێو ئەمیگدالایان لەناو برد و بۆیان دەركەوت یادەوەرییەكان نەماون. بەهۆی ڕۆلی لە ڕاییكردنی زانیاری هەڵچوونەكان, ئەمیگدالا لە هێشتنەوەی یادەوەریشدا بەشدارە, كە پڕۆسەیەك تیایدا یادەوەرییەكان لە یادگەی كورتخانەوە دەچنە نێو یادگەی درێژخایەن. كاتێك ڕووداوێك زیاتر لایەنی هەڵچوونی تیادا بێت ئەوا ئەمیگدالا قوڵتر هەڵیدەگرێت.

٢) Hippocampus
گروپێك لە توێژەران بە مەبەستی  زانینی ڕۆڵی هیپۆكامپس لە ڕاییكردنی میمۆریدا تاقیكردنەوەیان لەسەر جرج كرد. زیانیان گەیاند بە هیپۆكامپایەكانی نێو مێشكی مشكەكان و بۆیان دەركەوت جرجەكان لە چەندین كاردا تووشی گرفتی یادەوەری هاتن, وەك ناسینەوەی شت. توێژەرەكان بەو دەرەنجامە گەیشتن كە هیپۆكامپس ڕۆڵی هەیە لە یادەروەیدا, بە تایبەت یادگەی ناسینەوە و ناوچەیی  (Clark, Zola, & Squire, 2000). كارێكی تری هیپۆكامپس ناردنی زانیارییە بۆ ناوچەكانی پێشەوەی مێشك تا مانا بە یادەوەرییەكان ببخەشن و پەیوەندیداریان بكەن بە یادەوەری دیكەوە, هەروەها بەشدارە لە گواستنەوەی شتە نوێیەكان بۆ نێو یادگەی درێژخایەن.
زیان گەیشتن بەم ناوچەیە وا دەكات كەسەكە نەتوانێت یادەوەری ئاشكرا ڕاییی بكات. یەكێك لە نەخۆشە بەناوبانەگەكان كە ئەم حاڵەتەی هەبوو ناوی هێنری بوو كاتێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو گەشكانەی تووشی دەبوو هیپۆكامپایەكانی نێو مێشكیان لابرد (Corkin, Amaral, González, Johnson, & Hyman, 1997) لە ئەنجامد یادەوەرییە ئاشكراكانی كاریگەری گەورەیان بەركەوت و نەیدەتوانی زانیاری نوێ هەلبگرێت, واتە زانیارییەكان لە یادگەی كورتخایەنەوە بگوازێتەوە بۆ یادگەی دڕێژخایەن.

٣) Curebellum 
هیپۆكامپس وا دەردەكەوێت زیاتر بەشدار بێت لە ڕاییكردنی یادەوەری ئاشكرا, لە كاتێكدا سێریبەلەم كار لەسەر یادەرەوەی نائاشكرا دەكات (بۆ نمونە فێربوونی ڵێخوڕینی پاسكیل). لە تاقیكردنەوەیەكدا, هاتن سەبجێكتەكانیان ڕاهێنا كاتێك هەوایان پێدا بكرێت چاو بتروكێنن, بەڵام كاتێك توێژەران هاتن زیانیان گەیاند بە سێریبەلەمی ژمارەیەك كەروێشك بۆیان دەركەوت نەیاندەتوانی فێری بەرچەكرداری چاو تروكاندن بن كاتێك هەوایان پیادا دەكرێت (Steinmetz, 1999; Green & Woodruff-Pak, 2000).

٤) Prefrontal cortex
توێژینەوەكان بە بەكارهێنانی (positron emission tomography) پیشانیان داوە بەشەكانی پێشەوەی مێشك بەشدارن لە ڕاییكردن و هەڵگرتنی زانیاری (Kapur et al., 1994; Craik et al., 1999).

٥) دەمارەگوێزەرەوەكان
وا دەردەكەوێـت هەندێك لە دەمارە گوێزەرەوەكانیش بەشدارن لە یادەوەریدا وەك ئێپینیفرین, دۆپامین, سیرۆتۆنین, گلوتامەیت و ئەسێتیلكۆڵین (Myhrer, 2003).

دەرەنجام

توێژینەوە زانستییەكان و تێكستبووكی زانستییەكان هەموو ئەو كارانەی كەسانی ئایینی دەیدەنە پاڵ دڵ, بنچینەكەی دەگەڕێننەوە بۆ مێشك و بەڵگەی باش هەیە بۆ متمانەكردن بەم دۆزینەوانە بە تایبەت دوای پێشكەوتنی توێژینەوەكان لەسەر مێشك بە بەكارهێنانی ECT, PET, MRI و هاوشێوەكانی. هەندێك گریمانە هەن سەبارەت بەوەی دڵ دەكرێت خانەی یادەوەری تێدا بێـت, بەڵام هێشتاكە گریمانەن و توێژینەوەی زیاتریان لەسەر پێویستە تەنانەت لە ئەگەرێكدا ئەوەش ڕاست بێت بەشێكی زۆر بچوك دەگرێتەوە و نایسەلمێنێت ئەقڵ, بڕیاردان, لێكدانەوە, هەڵچوونەكان لە دڵدان. لە كاتێكدا تەنانەت خێرایی لێدانی دڵ لەلایەن مێشكەوە كۆنتڕۆڵ كراوە لە ڕێی سیستەمی سیمپەساوی و پاراسیپەساوی. هەروەها ڕێكخراوی بەریتانی دڵ (British Heart Foundation), لە بابەتی نەشتەگەری گواستنەوەی دڵدا نوسیویەتی: "گرنگە لە بیرت بێت دڵە تەنها ئەندامێكی پەمپكردنی خوێنە و نەشتەگەری گۆڕینی كار ناكاتە سەر كەسایەتیت." كەوایە زانیاری زانستی پێویستە بە وردی و وەك خۆی بگەیەندرێت كاتێك كەسێك زانیارییەكان بە پێچ و پەنادا دەبات تا پشتگیری ئایدۆلۆژییەكەی بكەن ئەوا كارێكی نائاكاری كردووە.

___________________________

لينكى وتارەكەى د.خاليد محەمەد:

https://www.youtube.com/watch?v=lmI--fmM4Mg&feature=emb_logo

----------------------------------

سەرچاوەكان:

Bunzel, B., Schmidl-Mohl, B., Grundböck, A., & Wollenek, G. (1992). Does changing the heart mean changing personality? A retrospective inquiry on 47 heart transplant patients. Quality of life research : an international journal of quality of life aspects of treatment, care and rehabilitation, 1(4), 251–256. https://doi.org/10.1007/BF00435634

Reece, J. B., & Campbell, N. A. (2011). Campbell biology. Boston: Benjamin Cummings / Pearson.

OpenStax College (2014). Introduction to Psychology. OpenStax College.

Wozniak, W. (2011). SENSATION AND PERCEPTION a unit lesson plan for high school psychology teachers. American Psychological Association.

 Salzman, D. (2019). amygdala | Definition, Function, Location, & Facts. Retrieved 1 October 2020, from https://www.britannica.com/science/amygdal


نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure