لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

پلانی ئەردۆگان لە میسرەوە تا سوریا

13/08/2020



دانا رەشید

بە ئاشكرا هەوڵەكانی ئەردۆگان وەك كەسایەتیەكی ئیسلامی توركی رەگەز پەرست دەزانرێ بەرەوە چ ئاراستەیەك دەروا ، دروست كردنەوەی دەوڵەتێكی ئیسلامی تورك مەزهەب لەسەر كەلاوەی روخاوی ئیپراتۆری عوسمانی ، كە تێێدا تورك ئیماندارو تورك باڵادەست و تورك فەرماندار بێت ، توركێك كە هیچ ئەرزش و قیمەتێك بۆ میلەتی كورد بەتایبەتی و میلەتانی تری مسوڵمان دانانێت ، توركێك كە دەرچوی مەدرەسەی ئەتاتورك  وەك رەگەز پەرستی و  مەدرەسەی ئیخوانی وەك دینی فەرمانرەوا ، رەنگە بە كەوتنی سیستەمی یەك لەدوای یەكی  ،دەوڵەتانی باكوری ئەفەریقا لە تونسەوە ،وە شڵەژانی نیزامی ئەسەد لە سوریاو وێران بوونی تەواوی سەرزەمینی سوریاو ، بە گەندەڵی و دزی دارزانی عێراق لە نێویشیاندا هەرێمی باشوری كوردستان وەك دارزاوترین حكومەت و دەسەڵاتی ناوچەی ، كە بۆتە حەوشەی پشتەوەی مەرامە گڵاوەكانی ئەردۆگان، ئەمانە هەموی شانسی جێ بە جێ كردنی پلان و پیلانە گڵاوەكانی ئەردۆگانی زۆرتر كردبێ، ئەردۆگان هەر وەك نەیارەكانی لە ناو توركیا  بەو پیاوە پچوكەیان وەسف كرد كە خەونی گەورە دەبینێ ، بۆ هێنانە دی ئەم خەونە توانیویەتی بە چەندین جۆری جیاواز و لە سەردەمی جیاواز كار بكات ، وەلی سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی دەوڵەتە بەهێزەكانی ئەوروپاو ئەمەریكا ، ئایا لەگەڵ ئەم خەونەی ئەردۆگان  بێئاگاو خەوتون ، یاخود نەخێر بەئاگان و ئەوا دەریش دەكەوێ كە چۆن خەونەكانی ئەردۆگان تێكشكاوە و تێكیش دەشكێنرێت ، لێرەدا نمونەیەك وەردەگرین و وەك سمپلێك دەكرێ لە چۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی تێبگەین سەبارەت بەم خەونەی ئەردۆگان.

كەسایەتی دیارو سیاسەت مەداری باشوری كوردستان ، نەوشیروان مستەفا  ئەوكاتەی ساڵی ١٩٨٧ بۆ چارەسەری بڕبرەی پشتی  ، سەفەری ئەوروپا دەكات و لە شاری بەرلین  نەشتەرگەری پشتی دەكات ، دوای چاكبونەوە  لە كۆنگرەی پارتی سۆسیالستی فەرەنسی، گفتوگۆ لەگەڵ راوێژكاری سیاسی سەرۆك فرانسوا میتێران ،سەرۆك كۆماری پێشوی فەرەنسا دەكات ، باس لە كێشە نەتەوەی یەكانی رۆژهەڵات و كێشەی كورد دەكات، راوێژكاری میتێران دەڵێ (من بە رەچەڵەك باسكم لە گیروگرفتی نەتەوەیی تێدەگەم، بەهاودەردیەوە سەیری كێشەكەتان دەكەم ، بەڵام ئێمەو ئێوە ئامانجمان جیاوازە، ئێوە دەتانەوێ عێراق بروخێ چونكە تێیدا دەچەوسێنەوە ، ئێمەش دەمانەوێ عیراق بمێنێ و پایەدار بێ ، چونكە یەكەمین سەنگەرو دواین سەنگەرە لەبەرامبەر لێشاوی شۆرشی ئیسلامیدا ، عیراق بروخێ بە دوایدا سوریا دەروخێ و بە دوایدا سەروی ئەفەریقاش دەروخێ ، ئەوكات رێگا تەخت دەبێ بۆ سەرهەڵدانەوەی ئیمراتۆرێكی ئیسلامی هاوشیوەی  عوسمانی كە چەند سەدە ئەوروپای بەخۆیەوە خەریك كردبوو).

هەرچەندە ئەم بۆچونە بەشێكی تەواو روستە بەڵام ئەوەی راست نەبوو لە روخانی عێراقدا بوو كە كورد ئێستەش بە مافەكانی خۆی شاد نەبوو ئەوەبوو  دەسەڵاتی كوردی جێگەی دەسەڵاتی بعسی گرتەوە زۆر بە خراپیش، بەڵام وەك نمونە رەنگدانەوەی  بیری دەوڵەتانی ئەوروپاو ئەمەریكایە بەرامبەر ئەو پیلانەی ئەردۆگان كە چۆن لە هەوڵدایە بۆی .

ئەردۆگان سەرەتا بە تۆزێك كرانەوە بە ڕوی مافەسەرەتایەكانی كورد دەستی پێ كرد ، ئەوەش بۆ لە خشتە بردن و  سابون لە بنی پێدانی سەرانی باشورو  بەسیك كۆمەڵگەی ساویلكەی كوردی ، كاتێ ئەردۆگانی بە مسوڵمانێكی فریشتە ئاسا كەوتە بەرچاو ، بۆ ئەمەش كورد زامنی هەڵبژاردنەوەی دەبێ ، لەمەشدا سەركەوتو بوو ، چونكە كورد زۆر ئازایە كاتێ خۆی بەقوربانی شێخ و میرو سوڵتان دەكات بەناوی دینەوە.
 
بەڵام هەرزوو بیرو فكری ئیسلامی ئەردۆگان لەناو توركیا لەتویژی رۆشنبران و هونەرمەندان و  زانستخوازان توشی گرفت و نارەزایی بوەوە ، كە ئەو بیرە جەهەنەمیەی ئەردۆگانیان پێ قوبوڵ نەبوو ، لە لایەكی ترەوە بەرەی هەدەپە كە  كۆمەڵێك سەركردەی لێهاتوو  بێشرەوی دەنگی كوردیان كرد  ،ئەردۆگانی توشی شۆك كرد ، شۆكێك كە هەمویان لە زیندان توند كردوە.

لە جیهانی دەرەوەدا توشی ململانێی قورس لەگەڵ ئێران لە لایەك و سعودیە لە لایەكی تر بە قورسی بوەوە ، لەمەشدا دەوڵەتی قەتەری وەك بنكەی ئەو ململانێ یە هەڵبژارد ، كاتێ قەتەر تەواو شوڵی لێ هەڵكێشا ،توشی گەمارۆی ئابوری كرایەوە و بە جۆرێك تەمێ كرا كە چیتر پێ لە بەرەی خۆی درێژتر نەكات ، لەم ملاملانێانەدا بە میكانیزمی رەدو بەدەل هەتا ئێستە  هێناویەتی ، چونكە بۆ مەرامەكانی  دەكەوێتە جەنگێكی قورسەوە ،بە هاتنە سەر كاری مورسی وەك یەكەم سەرۆك كۆماری ئیسلامی لە مصر ،  دەرگا بۆ ئەردۆگان واڵا بوو ، هەروەك چۆن ئەردۆگان و  راشد غەنوشی  سەرۆكی حیزبی نەهزەی ئیسلامی لە تونس دۆستی دێرینی یەكترین ، لە ئەفغانستانەوە  لەسەر دەستی غولبەدین حیكمەتیار  بوون بە هاوبیری یەك.
 
واتە پلانەكە لێرەوە دەست پێدەكات ، مورسی  دەوڵەتی مصر لە هەرچی دەوڵەماندان و دەسەڵاتدارانی مەسیحی پاك بكاتەوە و بەرگێكی ئیخوانی ئیسلامی توند بگرێ بەسەر مصردا ، كە مورسی زۆر بە خێرایی ئەم كارانەی دەكرد ،  بەڵام غەنوشی بە تەرزێكی تر مامەڵەی دەكرد ، بەجۆرێك كە بە شەكراو  شەعبی تونس بخنكێنێت ، 

حكومەتی مورسی بە یەك ساڵ مصری كرد بە زیندانێكی گەورە ، لەشكرێكی لە ئەولاد شەوارع و بەڵتەجی دروست كردبوو بە رۆژی نیوەرۆ ، ئازاری خەڵكانی مەسیحی و  جولەكەیان دەداو لێێان دەكوشتن ، كەوتبوونە كەنیسە سوتاندن و گەورەترین و دێرینترین كەنیسەی قاهیرەیان بە رۆژی نیوەرۆ سوتاند ، هونەرمەندان رۆشنفكرانی ڕوبەرو دادگا دەكردەوە ، بە تۆمەتی  تانەدان لە دین و شەرعی ئیسلامی ، زۆرێك لە سەرمایەدارانی مەسیحەكانی تەنگەتاو كردوو  موڵك و ماڵیانی زەوت دەكرد ، تا لە وەختێكی موناسبدا  عبدالفتاح السیسی  بە كۆدەتا كردنە سەر  دەسەڵاتی مورسی  ئەو پیلانەی ئەردۆگانی تێكشكاند و لە گۆڕی نا ، بەمەش ئەردۆگان ڕوی پلانەكەی ئاراستەی  لیبیا كردوە ،وەك جێگرەوەی مصر ، دەیەوێ لە لیبیاوە  بەو ئامانجەی بگات و  لە بنەوە پیلان لە مصر دەگێرێت ،  لەمەشدا  هاوكارەكەی كە راشد غەنوشیە كە ئێستە سەرۆكی پەرلەمانی دەوڵەتی تونسە ، بە هۆی ئاشكرا بوونی سەردانە نهێنیەكانی بۆ لای ئەردۆگان ، توشی گەورەترین كێشەو گرفت بۆتەوە ، كە ئەمیش نەیتوانیوە بەو شەكراوە شەعبی تونس بخنكێنیت ، واتە ئەردۆگان  لە لیبیا  گەمارۆ دراوە ، بەڵام ئایا  چارەنوسی لیبیا بە چی دەگات؟

پوتین و روسیا لە جەنگ و ململانێكانی سوریا ،ئەردۆگان وەك عەمیل بەكار دەهێنێت ، هەروەك چۆن ئەردۆگان  سەرەتا بۆ ئەوەی  لە یەكێتی ئەوروپا وەری بگرن ،  كارتی  دەوڵەتی ئیسلامی گرت بە دەستیتەوە ، كاتێ زانی كارتێكی دۆراوە و ئەوروپا لەبەر خاتری دروست نەبوونی هێزێكی ئیسلامی بترنجێننەوە ناو خۆیانەوە ،  ئینجا رایگەیاند  نایانەوێ بچنە ناو ئەوروپا ، چونكە توركیا مێژوەكەیان لە یەكێتی ئەوروپا گەورەترە،  لە سوریا بۆ ئەوەی دەستی بكەنەوە كوردستان قاتو قڕ بكات ، كەوتە كرینی  قاعیدەی ئێس ٤٠٠ دژە ئاسمانی ، كە هەدەفی پوتین  دژایەتی كردنی ئەمەریكاو ناتۆیە، بەڵام هەدەفی ئەردۆگان رازی كردنی پوتین و روسیایە دەنا  نە ئێستەو نە داهاتو هیچ ئیستفادەیەك لەو قاعیدە گەورەیە ناكات ، لە لایەكی ترەوە بۆ هێنانە سەر خەتی ترامپ  و ئەمەریكایە كە ئەگەرلەگەڵ خواستەكانی نەبن ئەوا  روسیا بەهێز دەكات لە ناوچەكەدا، بەڵام نەتیجە ، بە هەندێ گەمە كە مەخابن كورد تێێدا بوو بە قوربانی،  ئەردۆگان تێكشكێنرا لە سوریا، ئەوەتا ئەمەریكا  بەرژەوەندی خۆی بە رۆژئاوای كوردستانەوە گرێ داو پوتین و روسیاش  لە لیبیا دژی هێزەكانی ئەردۆگان  چەك و توفاقی جەنگی بە جەنراڵ حەفتەر دەات ، گلۆپی سەوزیش بۆ هێزەكانی مصر هەڵكراوە كە سنورەكانی خۆی بپارێزیت دژی ئەردۆگان.

ئێستە ئەردۆگان لە  قۆناغی كۆتایی یاریەكەدایە، چارەنوسی بە هەڵبژاردنی داهاتەوەوە بەستراوەتەوە، ئەگەر ئینقلاب ڕونەدات لە توركیا، چونكە مێژوی توركیا پڕە لە ئینقلابات.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure